رەووف خەتیبی..
محهمهد قادر
تەمەنێكی هونەری كورت و بەرهەمێكی ناوازەی كاریكاتێر.
گەنجێكی هێمن، زۆر
ئارام و زۆریش بەئاكارو ڕەوشت، بەڵام بەقەد هێمنییەكەی بێدەنگ، بێدەنگ لە دانیشتن
بێدەنگ لە هەڵسوكەوت، بێدەنگ لە قسەو بێدەنگ لە نیگارو كاریكاتێر و دیزاین،
بێدەنگییەكەی ئەو بەشێك بوو لە سروشتی ژیان و بوون و كەسایەتی و شوناسی، بێدەنگتر
لە بێدەنگیش ژیان و هونەر و كاریكاتێر و گەپ و نیشتمان و ڕۆژنامەگەریی بەجێهێشت،
بەڵام ئەرشیف و یادگارێكی هونەریی و مرۆیی زیندوانەی پێ بەخشین.
ناوەڕاستی ساڵی 2005 بوو، لە ژوورێكی ڕۆژنامەی خەباتدا گۆڤاری (گەپ)مان دەردەكرد،
گەنجێكی بێدەنگ خۆی كرد بەژوورا، بە نەرمی سڵاوی كرد و چەند كاركاتێرێكی لە
فایلێكدا نیشانداین، هەرچەندە ئەو كات تەكنیكی زۆر باش نەبوو، بەڵام بە سەلیقەو پڕ
حەزبوو بۆ ئەو كارە، هەندێكم بڵاوم كردنەوە، پاش 2 هەفتە سەردانی كردینەوە، بەڵام
ئەمجارە بە چەندین بەرهەمی گەورەتر لە تەمەنی خۆیەوە، ئەمجارە سەرسام بووم بەو
پێشكەوتنەی لەو ماوەیەدا بینیویەتی، لەوێوە رەوف بووە كاریكاتێریستێكی هاوكاری (گەپ)،
هەموو ژمارەیەك گۆشەیەكی تایبەت بەخۆی لە گۆڤارەكەدا شوێن دەست و هزر و توانای خۆی
دەكردەوەو تا دەهات زێتر دەبووە كاریكاتێریست، ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو لەگەڵمان
و دید و چاوو هزرمانی لەگەڵ كارەكانیدا ڕاهێنابوو، بەڵام بەداخەوە تەمەنی ئەو
كارانەی لە گەپدا كورت بوون، چونكە دوور لە گەپ و مامەڵەی هاوڕێیانەی ئێمە لەگەڵیدا،
تێكەڵ بە ژیانێكی دیكە ببوو، كەس لەو بێدەنگییەی ئەودا هیچ دەربارەی ژیانی نەدەزانی،
من تەنها دەمزانی لەگەڵ برادەرانی حیزبی دیموكراتی كورستانی ئێران پێشمەرگە بوو،
دەشمانزانی لە كوردستانی ئێرانەوە هاتووە، ئیدی بەداخەوە لەبەر سەرقاڵی ژیانی
تایبەتی خۆی بەرهەمەكانی لە گەپدا كەمكردەوە، تا وای لێهات بەتەواوی لێمان داپچڕا.
نیگارە كاریكاتێرییەكانی كاریگەریی شێوازو تەكنیكی كاریكاتێری فارسی پێوە دیاربوو،
بەتایبەتی لە هێڵكاری ورد و بوێر بە شێوەیەكی تێكڕژاو بە قەڵەمی ڕۆترینگ یاخود
هەندێ جاریش قەڵەمی سۆفت و جاف، بەڵام توانیبووی لە سیماو جووڵەو بابەت و شێوازی
دەرخستنی تەنز و جلوبەرگی فیگەرەكان زۆر كوردییانە بەرجەستەیان بكات، ئەو زێتر
نیگاری ڕەش و سپی دەكێشا، بەڵام هەندێ جاریش بۆئەوەی بیسەلمێنێ كە ئەو جۆرە
هێڵكارییە كاریكاتێرییە دەكرێ ڕەنگاو ڕەنگیش بێ، ڕەنگی دەخستە نێو كارەكانییەوە.
ڕەووف خەتیبی لە هەندێ بەرهەمیدا كاریكاتێری تێكەڵ بە هونەری هێڵكاری دەكرد، وەك
ئەوەی لە شێوەكاریدا هەیە، لە نموونەی بەرهەمەكانی هونەرمەند نیك ئاهەنگ كەوسەر،
هەندێ جاریش سیما و رووی فیگەرەكانی لە كاریكاتێری عەرەبییەوە نزیك دەبۆوەو
شارەزایانە كوردیبوونی پاراستبوون.
رەووف ڕاستە كاریكاتێریستێكی تازە دەستپێكردوو بوو، بەڵام بەڕوونی لە بەرهەمكانیدا
كارامەیی و داهاتووییەكی هونەرمەندانەی لێ چاوەڕوان دەكرا، بەڵام ئەویش وەك سەدان
گەنجی دیكەی كوردستان بوو بە قوربانی كێشە لابەلاكانی دیكەی ژیان و مافە
سەرەتاییەكانی گەنج و نەخۆشییە كۆمەڵایەتییەكان، كە بەداخەوە زۆرێك لەوانە خۆیان
دەكەنە قوربانی هەندێ شتی تایبەت كە شایەنی قوربانیدان نین. ئەو یاخی لە ژیان و
كۆمەڵ و تەمەن و هونەر سەری خۆی كز كردبوو و رۆچووبوویە نێو كێشمەكێشی گوزەران و
نان پەیدا كردن و خۆ پێكەونان و چیانی هاوسەرگیری، رەووف و چەندان گەنجی هونەرمەند
و ڕۆژنامەنووس و نووسەر و خاوەن توانستە جیاجیاكان گەر لەم وڵاتەی خۆماندا بایەخیان
پێ بدرێت و نەخزێنە ژێر هەندێ بیركردنەوەی هەڵە، بە دڵنیاییەوە داهاتووی ژیاریی و
شارستانیی وڵاتیان دەگەشاندەوەو كۆمەڵگەیەكی تەندروستتریان دروست دەكرد، داخ بۆ
كۆچی ناوادەی ڕەووف خەتیبی، مخابن بۆ كوژانەوەی مۆمی تەمەنی كاریكاتێریستێكی
دەگمەنی نیشتمان.
سەبووری بۆ خانەوەداو هاوڕێكانی