|
ساڵێ بەو عەیام، لەسەر
جگەرەكێشانی ئاشكرا لە ڕۆژی عارفەی پێش جەژنی ڕەمەزاندا لە عەسرەوە تا
بەربانگ تەوقیفكرا، هێندە چاپووك بوو، نەیهێشت ئەو دوو سەعاتەی نێو
تەوقیفخانەی بەفیڕۆ بڕوات. خێرا نامەیێكی بۆ دایكو باوكی نارد. تا خەم
نەخۆنو نەكەونە سۆراخی. لە دامێنی نامەكەشەوە نووسیبووی (كوڕی
زیندانیتان..فڵانی كوڕی فیسار).
لەم ساڵانەی دواییدا بیستبووی مووچەیێكی مۆڵی پێنجسەد هەزار دیناری بۆ
زیندانیێكانی سەردەمی پێشوو دەبڕدرێتەوە. یێكسەر پێی لە دایكو باوكی كردە
كەوشو هەڵیپێچان، ئیللاو بیللا هەر دەبێت ئەو نامەیە بدۆزنەوە. تا وەك
دۆكۆمێنت بۆ ئەو مەبەستە بەكاری بێنێت. قابیلە چی لەو عالەمە كەمترە؟
دایكی بە واقوڕماویێوە وتی: كوڕی شیرینم! وەرە بابزانم تات لێنەهاتووە!
قاقەزی چیو ماقەزی چی؟ بۆ عەقدی نیكاحەكەی منو باوكتمان ماوە، تا قاقەزەشڕی
بیست ساڵ لەمەوبەری تۆ بمێنێ؟
وتی: دایكە گیان! ئەوە ژنەكەی دراوسێمان پێرار لە سویدەوە بەسواری پاسكیلیش
هاتەوەو، بە نیو سەعات هەویەی كەمئەندامی بە دەرەجەی 100%ی بۆ كراو، ساڵی
جارێك سەردەداتەوەو مووچەیێكی دوانگزە مەعاشی بەسەر یێكەوە وەردەگرێتو
لەمنو تۆیش ساغترە!
ئەوەش عەزەی كافێخان 8ساڵ دوای ڕاپەڕین لەداییكبووە، بەهۆی مەسئوولێكەوە
ساڵی لەدایكبوونی لە 1999وە بۆ كراوە بە 1969، تۆزێكی نۆ لای چەناگەی
(9)كەیان بۆ كڕاندووەو بۆتە (6)و، ئەوراقی پێشمەرگایەتیو شەهیدبوونیشی بۆ
كراوەو، مانگانە لەگەڵ دایكو باوكیدا دەچنو بە سەفتە 25هەزار دیناریی
وەردەگرن!
-كوڕم بەخوا من لەم چەناگە كڕانندنەوەیە حاڵی نابم!
- خۆ لەمەیان حاڵی دەبیت. ئەمڕۆ كابرایێك لە تەلەڤزیۆنی چایخانەكەوە باسی
ئەوەی دەكرد چۆن ئەم ڕۆژگارەی بۆ ئێمە خولقاند! لەپڕ یێكێك هەستاو
هاواریكرد: بەشەرەفم خۆیەتی، هەموو خەڵكەكە حەپەسان. بە برادەرەكەی وت:
نایناسیتەوە؟ برادەرەكەی بەدەم دیژلەمە هەڵقوڕاندنەوە دیقەتی دا: بەرێوەڵڵا
خۆیەتی،. خۆی بوو! خەبەری لە هەردوكمان دابوو! ئێی..ساڵێكی ڕەبەق لەژێر
تەعزیبدا بووینو لەگەڵیدا ڕووبەڕوو دەكراینەوە، ئیعتیرافمان نەكرد. دوایی
بە تۆمەتی ئیخباریدانی درۆ ئەویان گرتو ئێمەیان بەردا. ئەشهەدو هەموو
شتەكانی ئەو ڕاستن: ئیخبارییەكەی ئەو ڕاستبوو، ئێمە حاشامان لێكرد.
زیندانیكردنو تێهەڵدانیشی ڕاستبوو، بێگومان ڕاستیشدەكات ئەم ڕۆژگارەیش هەر
ئەو بۆی دروستكردووین.
دایكە! شەقمبرد. دەی كوا قاقەزەكەی لە زیندانەوە بۆمناردن. كوانێ؟!
-ئاخر كوڕم تۆ لەسەر سیاسەت نەگیرابووی.
- دایكە! ئاسانە. خەمت نەبێ، دوو شایەت دەبەمو دوو سەعاتەكەش دەكەمە دووساڵ..
من لێرەدا وەلەو لە قسەی خێر زێتر هیچ پێوەندیم بەو كێشانەوە نییە، بەڵام
بەڕاستی مافی خۆیەتیو، ئامادەشم شایەتیی بۆبدەم. بەڵام بە دوو مەرج:
یێكەم: لە تەلەڤزیۆندا، لەبری ئەو درامایانەی لە حكایەتی مێش دەچنو لە
مانگی رەمەزاندا پەخشدەكرێنو، هەرگیز تەواونابن، با ئەم برادەرە بەدرێژی
باسی زیندانیكردنە دوو سەعاتییەكەیمان بۆ بكات، تا بزانین چۆن ئەم ڕۆژگارەی
وا بەئاسانی بۆ دروستكردووین.
دووەمیش: پێمباشە بۆ حورمەتی مانگو جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزییش، با ڕۆژی گرتنی
ئەو برادەرە لەبری مێژووی (پێش زایینو دوای زاینی حەزرەتی عیسا)،
بەكاربهێنرێت! بۆئەوەی بۆمان ڕوونبێتەوە، ئاخۆ ئەو منداڵە شەهیدە چەند ساڵ
بەر لە زیندانیكرنی برای جگەرەكێشمان شەهید كرابوو، یاخود چەند چركە دوای
ئەو ڕووداوە مێژووییە مەزنە بوو؟! |