|
پێشانگای عێراقی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی
خوێنەران و بیسەران و بینەران و گوێگران و تەماشاكەران و خوێندەوارانی
دنیا، ئاگادار ئەكەینەوە، كە بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا پێشانگای لەم نەوعەی
ئێراق دەكرێتەوە بە ئەنواع مواسەفاتی عەجیب و ئەنواع عەلاماتی ئاخر
زەمانەوە .
وەك:
• هەرچی بڵێی لە كەرەستەی مەمنووعی وڵاتانی دراوسێ كە لای خۆیان بە هەر
كەسێكی بگرن شتێكی لێ دەكەن، لەم پێشانگایەدا هەیەو ئەلحەق زۆریشە.
• هەرچی چەكو ئەسلەحەی شەرق و غەربی تاقی نەكراوە هەیە، لێرە
بەتاقیكردنەوەوە دەیفرۆشن.
• ئەم پیشانگایە فوول فوول بووە لە، عەبای سووری و نیقابی سعودی و مانتۆی
ئێرانی و هیچیشیان لەرووی شەرعیەوە ئیعتراف بەوی تر ناكات.
• لەم پیشانگایەدا شتە قەڵبە باشەكانی دراوسێ خاسەكان بە هەرزانترین سیعری
ئەجردانەوە دەست دەكەون.
• پڕە لە ئەشیای تەقەمەنی یاری منداڵانە بەگوللەوە، هەتا منداڵانی عێراقی
وەك جیلێكی گوێرایەڵی موستەقبەل فێری موتیعی ببن .
• ئەم مەعرەزە فوولە لە ماچی درۆو تەوقەی ناعیلاجی و ئیتفاقی پەشیمانی و
زەردەخەنەی بە رقەوە، هەمووشیان بە قیستی ماوەی بەینی دوو ئینتیخابات
دەدرێن.
• شەو و رۆژ كراوەتەوەو لەیل و نەهاری بۆ نییە و لە عوتلەكانیشدا هەر
مەفتوحە، كەی بتەوێت دەتوانی بچیە ژوورەوەو بە ئارەزویی خۆشت لێی دەربچیت.
• هیچ شتێكی ئەم پیشانگایە ئێكسپایەر نابێت، چونكە نە كاتی درووست بوونی لێ
نووسراوەو نەكاتی بەسەرچوونیشی، لەبەر ئەوەی دەزانن كڕیارەكانی ئیمانیان بە
زەمەن نییە هەموو كاتێكیان هەر لەلا زووە.
• باشترین جۆری سوێندخواردن و چاكترین نەوعی موئامەرەی تێدا دانراوە، بەڵام
تەنها كوتلەكان بۆیان هەیە بیكڕن و شمولی عەوام ناكات.
• لەم پیشانگایەدا باشترین ئامێری درووست كردنی علاقاتی نهێنی و ژێربەژێر
بە باشترین مۆدێلی كەس هەقی نەبێت بەسەرمەوە دانراوە .
• لەم مەعرەزە پان و بەرینەدا یەك بست نییە بۆ تەبایی و ئاوو كارەباو جادە
و یەك قەترە نییە بۆ لێكحاڵی بوون و بەیەك گەیشتن و بە میكرۆسكۆب و زەرەبین
بگەرێی تۆزێ لێبوردنی تیا نادۆزیەوە، دەی بارەكەڵا. |